به هه‌ر حاڵ دوان و باسكردن له سه‌ر كه‌سایه‌تی، به‌رهه‌م و كار و چالاكییه‌كانی جه‌لال مه‌له‌كشا پێویستی به ده‌رفه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت هه‌یه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێشكه‌شتان ده‌كرێت ، وتوێژێكه له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان كه له مێژه به ئه‌نجام گه‌یشتووه، به‌ڵام به هۆی هێندێ گرفتی تایبه‌ته وه فریا نه‌كه‌وتین زوو بڵاوی بكه‌ینه‌وه.
پرسيار: به ڕێز کاک "جه لال" بۆ کردنه وه ی باسه‌که چ پێناسهیهکتان سه‌باره‌ت به شیعر هه‌یه؟
وه‌ڵام: له واقیعدا هه‌ر شاعیرێک یان هه‌ر که‌سێک ته‌عریف و پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ شیعر هه‌یه. به‌ڕای منیش شیعر زمانی عه‌شقه، شیعر شۆڕشی هه‌سته و...
به‌هه‌ر حاڵ هه‌رگیز تا ئێستا پێناسه‌یه‌کی درووست و واقیعی له شیعر نه‌کراوه. ئه‌وانه‌یش که گوتراوه و ئه‌ڵێن هه‌ر به‌وجۆره‌ی که وتم بڕوایه‌کی شاعیرانه‌یه.
پرسيار: مامۆستا، به وته‌ی مه‌ولانا "شیعر کوڵه‌ی خوێنێکه، که له ناخی دڵی شاعیره‌وه هه‌ڵده قۆڵێت" جه‌نابت بۆ خۆت شیعر که‌ی له‌گه‌ڵت فۆرمی خۆی وه‌رده‌گرێ و سه‌ر هه‌ڵئه‌دا؟
وه‌ڵام: هه‌رگیز من بۆلای شیعر ناچم. شعره‌که له کات و ساتێکی دیاری نه‌کراودا ته‌نگم پێ هه‌ڵده‌چنێ. کات و ساتێکی دیاری نییه... بڕێ‌جار له نیوه‌ی شه‌ودا له خهوڕامدهچهڵهکێنێ... بڕێ جار له بازاڕی قه‌ره‌باڵغ به‌رۆکم ده‌گرێ... له‌مه‌یخانه، چایخانه.... له شه‌قام و کۆڵان....پشتی مێزی کار....کات و شوێنی دیاری نییه....شیعر به‌بێ بیانوونایه... ئه‌نگیزه‌ی گه‌ره‌که...دیتنی دیمه‌نێک... هێلانه‌ی زه‌رده‌واڵه‌ی وشه‌کان ده‌ورووژێنێ... زه‌رده‌واڵه‌ی وشه له‌ناو مێشکا دێن و ده‌چن، هه‌تا پووره ده‌به‌ستن بێچاره‌م ده‌که‌ن.... ئارام و قه‌رارم لێ ده‌بڕێ.... وه‌ک ژنێکی ژانگرتوو...کاکه شیعر شۆڕشی هه‌سته به‌ڵام ده‌بێ هۆیه‌ک هه‌ست راپه‌ڕێنێت... من شاعیرێکی هێدی نیم و شیعره‌کانم تووڕه‌ن، وشهکانیشم نه‌رم و نیان نین... بڕوام به هونه‌ر و به تایبه‌تی شیعری به‌رخۆدان(مقاومه‌ت) زۆره. ئه‌ڵبه‌ته وانه‌بێ جوانی کارم تێناکا.... له‌هه‌موو دیاردهجوانهکان چێژ وه‌رده‌گرم... زۆربه‌ی شیعره‌کانم له خوێن و تفه‌نگ و حه‌ماسه ده‌دوێن...شه‌هید بوونی شۆڕشگێڕێکی ئازادیخواز، دڵۆپه ئه‌سرینی دایکی شه‌هید هه‌وێنی شیعری منه...کاتێ بۆ لووتکه‌ی به‌رزی چیایه‌کی کوردستان ده‌ڕوانم ئیلهامی لێ وه‌رده‌گرم...کاتێ ترپه‌ترپی دڵی کوردستان له ژێر پۆستاڵی داگیرکه‌ردا ده‌بینم شیعر له ده‌روونما په‌نگ ده‌خواته‌وه..ئاخر با بڵێم من نه‌ختێک چه‌پم... که‌وایه ره‌نگه جۆرێکی‌تر دنیا ببینم و ته‌فسیری بکه‌م.... هه‌موو ئه‌م شتانه له پێکهاتنی شیعردا هۆکارن. خۆ شیعر "جادوو وجهنبهل"* نییه... له ئاسمانیشه‌وه نایه... مه‌لایه‌که نایهێنێ. شیعر به‌رهرمی مێشکی شاعیره... ئه‌ندێشه و بیر و بۆچوون و زهیناتی شاعیر هه‌رچی بێ شیعر له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ. من کوردێکی ناسیۆنالیست و که‌مێکیش چه‌پم. ته‌بعه‌ن شیعره‌کانیشم ده‌بێ تابیعی بیروڕام بن.
پرسيار: هۆکاری ئه‌وه‌یکه بڕوایه‌کی زۆرتان به شیعر یان ئه‌ده‌بی به‌رخۆدان هه‌یه چییه؟
وه‌ڵام: به‌داخه‌وه له کوردستاندا هێندێک سه‌ریان هه‌ڵداوه، به‌تایبه‌ت لاوه‌کان، به‌ڕاستی من پێموایه خوێندنه‌وه‌ی باشیان نییه و ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکیان نه‌خوێندۆته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتدا ئاشناییان نییه. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه چۆن به‌ڕاستی ناتوانن شیعری واقعی بخوَلقێنن، دێن و هێندێ وشه به‌دوای یه‌کدا رست ده‌که‌ن و ناوی ده‌نن شیعر!! و جگه له‌مه‌ش گیرۆده‌ی هێرشی فه‌رهه‌نگی بوون. ئه‌م هیرشه فه‌رهه‌نگییه وههم نییه. به‌ڕاستی ئێستا رۆژهه‌ڵات که‌وتۆته‌به‌ر هێرشی فه‌رهه‌نگییه‌وه. به‌ڕاستی دام و ده‌زگا ئیمپریالیزمییهکان بۆ خنکاندنی هاوار و شۆڕشی زه‌حمه‌تکێشانی رۆژهه‌ڵات هه‌موو کارێک به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن. شه‌پۆل رێ ده‌خه‌ن. من چه‌ندین جار گوتوومه، بۆ وێنه: بنیاتی راکفلر له ئه‌مریکا، به‌شێکی هه‌یه به‌ناو بنیاتی فه‌رهه‌نگی راکفلر 26-27 رۆژنامه و گۆڤار و بڵاڤۆکی جۆراوجۆری هونه‌ری ئه‌ده‌بی بڵاو ده‌کاته‌وه که ته‌نیا کاریان شه‌پۆلی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سازییه، بۆیه بۆ چه‌واشه‌کردنی هونه‌رمه‌ندان، رووناکبیران و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و ئه‌ندێشه‌ی جیهانی سێهه‌م... ریبازی ئه‌وانه رێبازی " هونه‌ر بۆ هونه‌ره" و مه‌به‌ست و ئامانجیشیان دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ریالیزمی شۆڕشگێڕانه‌یه که ئه‌وڕۆ له نێو گه‌له به‌ش خوراو و شۆڕشگێڕه‌کاندا وه‌کوو چه‌کی خه‌باته...
گه‌نجانی ئێمه‌ش له رووی که‌م ته‌رخه‌می و ئاگادار نه‌بوونه‌وه تووشی ئه‌و کێشانه بوون. بۆ وێنه: شتێکی وه‌ک پۆست مودێرنیزم، ئێستا له رۆژاوادا پۆست مۆدێڕنیزم شتێکه ده‌زانن چییه.. به‌ڵام لێره نازانن چییه... لێره زۆربه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی که باس له پۆست مۆدێرنیزم ده‌که‌ن، بێن به من بڵێن که پۆست مۆدێڕنیزم به چ مانایه‌که؟!
ده‌ڵێن شیعر ده‌بێ پۆست مۆدێڕنیزم بێت. ده‌یهێنن چهندوشهیهک به‌دوای یه‌کدا رست ده‌که‌ن و نه‌ته‌نیا خه‌ڵک لێ تێناگات، خۆشیان لێ حالی نابن و ناوی ده‌نێی شیعر. جا شاعیر یان نووسه‌رێک شتێک ده‌نووسێت که هاوڕێیه رۆشنبیره‌که‌ی خۆی لێ تێ ناگات، ئیتر ئه‌و شته بۆ چییه؟ هونه‌رمه‌ند بۆچی ده‌نووسێت؟.. هونه‌رمه‌ند بۆ خه‌ڵک ده‌نووسێت. هونه رمهند بۆ کۆمه‌ڵ ده‌نووسێت. نووسه‌ر بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌نووسێت. مه‌گه‌ر ناڵێن: "هونه‌ر ئاوێنه‌یه‌کی ته‌واو نوێنی کۆمه‌ڵگایه"، "هونه‌رمه‌ند رۆڵه‌ی زه‌مانی خۆیه تی".
ئه‌مانه ده‌ڵێن بۆ داهاتوان ده‌نووسین ... ئاخر به‌ره‌کانی داهاتوو چ نیازێکیان به ئێوه هه‌یه... داهاتوان هونه‌رمه‌ندو نووسه ری تایبه تی خۆیان ده بێ. رازی مانه وه ی شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره له چیدایه؟ سهدانساڵیتر "چالزدیکنز" زیندوو ده‌مێنێته‌وه. بۆچی فێرده‌وسی زیندوو ده‌مێنێته‌وه.. حافیز و سه‌عدی زیندوو ده‌مێنێته‌وه؟ له دنیای رۆژاوادا "رومن رۆلان" زیندوو ده‌مێنێته‌وه. من هه‌ر ئێستاش به‌رهه‌مه‌که‌ی چارلزدیکنز ده‌خوێنمه‌وه به‌ته‌واوی شه‌قامه‌کانی له‌نده‌ن وه‌کوو ئاوێنه له به‌ر چاومدایه...په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵک ده‌بینم.. په‌یوه‌ندییه مرۆڤییهکان هه‌ست پێ ده‌که‌م... هه‌روه‌ها کاتێ "ژان کریستف" ده‌خوێنمه‌وه پهیدهبهمه په‌یوه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک؛ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، رامیاری، ئابووری...هه‌مووی باس ده‌کات.
تۆ که بۆ داهاتوو ده‌نووسیت...!! بڕوانه ئیمه ئه‌ڵێین یه‌کدانه شیعر... ده‌ڵێین ده‌بێ چی و چی بێ.. ناکاکه شیعر ده‌توانێت ته‌نانه‌ت رۆڵی مێژوو به‌ڕێوه ببات. بۆ وێنه: ئێمه شیعرێکمان کردۆته به‌ڵگه و ده‌ڵێين ئه‌و شیعره هی سه‌رده‌مێکه که عه‌ره‌به‌کان هێرشیان کردۆته سه‌ر کوردستان؛ " هۆرمۆزگان رمان/ ئاتران کوژان و ویشان شاردوه گه‌وره‌ی گه‌وره‌کان". شاعیر بووه ئه‌مه‌ی گوتووه... شاعیر... باسی له سه‌رده‌می خۆی کردووه. ئاوێنه‌ی سه‌رده‌می خۆیی بووه. ئه‌و شیعره‌ی گوتووه، ئێستا من دوای هه‌زار ساڵ ده‌زانم له‌و کاته‌دا چی بووه. گه‌ر ئه‌ویش بههاتبای بۆ داهاتوانی گوتبا ئێستا من نه‌مده‌زانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا چی بووه و چی قه‌وماوه. ئه‌وه‌یه ده‌ڵێم ئه‌ده‌بی به‌رخۆدان، ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی بوونێکی ره‌سه‌ن و بنه‌مایه‌کی ریشه‌داری هه‌یه.
یان بۆ وێنه: هێندێ که‌س ده‌ڵێن کوردستان، شۆڕش و... ته‌واو بوو. ئه‌وا له کوردستانی باشوور کاک مه‌سعوود بوو به سه‌رۆک و مام جه‌لال بوو به سه‌رۆک کۆماری عێراق و ئیتر هه‌موو شتێک ته‌واو بوو. ناته‌واو نه‌بووه، هێشتا کوردستان وا له گه‌مارۆی چوارگورگدا. هێشتا گۆڕی به کۆمه‌ڵ ده‌دۆزنه‌وه، هێشتا فرمێسک له گردی سه‌یواندا وشک نه‌بۆته‌وه، هێشتا قه‌برستانه‌کانی "له‌عنه‌ت ئاوا"ی لای قوروه نه‌دراوه‌ته‌وه که بزانین چه‌ندانه قه‌بری تیادایه، هێشتا شه‌هیده‌کانی "به‌هه‌شتی زه‌هرا" ناهاتوونهتهوه، که‌له سێداره‌دراون و ئیعدام کراون.. كێشه که لێره‌دایه... ته‌واو نه‌بووه.
پرسيار: زۆر وشه‌مان هه‌یه گه‌ر لێیان وردبینه‌وه ده‌بینین ریشه‌یه‌کی کۆنیان هه‌یه و له ناوخه‌ڵکدا باون، به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه و وشه‌گه‌له له شیعری شاعیران‌دا چۆن ده‌بینیت؟
وه‌ڵام: باسێک هه‌یه له ئه‌ده‌بیاتدا به‌ناو بزووتنه‌وه‌ی وشه‌کان. هێندێ له شاعیران له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که ئه‌و وشانه‌ی وا حاڵه‌تێکی ناته‌واویان له خۆیان گرتووه و که‌ڵکیان لێوه‌ر ناگرن، ده‌بێت زیندووبکرێنه‌وه. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ڕای ئه‌وانه.... منیش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا هه‌م. هیندێ وشه‌ش هه‌ن که، گه‌ر جێگه‌ی واقيعی خۆیان بگرنه‌وه ده‌توانن لێ سوود وه‌ربگرن. به‌ڵام بڕێ وشه‌ش هه‌ن، ئیتر وا نییه. بۆ وێنه: وشه‌یه‌کمان هه‌یه له کوردییدا به واتای ئینتزاره، وه‌ک "ته‌ڕنه"... من تهڕنهی تۆم... ئه‌مه جوان نییه. که‌وایه وشه‌مان هه‌یه که ده‌بێت زیندوو بکرێته‌وه و هێندێ وشه‌شمان هه‌یه که گرنگ نییه.
پرسيار: مامۆستا ره‌نگه له شیعری جه‌نابتانا زۆر تایبه‌تمه‌ندی به‌رچاو هه‌بن و به ئاماژه به شێوه فه‌ن و رۆڵی ئێوه له‌م بواره‌دا، زۆر لایه‌نی تر ببن که نه‌توانین بیاندۆزینه‌وه، یان که‌متر که‌سانێک بتوانن بڕۆنه ناخیان و بیانناسن. سه‌باره‌ت به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شیعری خۆت بۆمان باس بکه، یان باشتر بڵێین چ پێناسه‌یه‌کت له شیعری خۆت هه‌یه؟
وه‌ڵام: من نازانم لێره‌دا ده‌قیقه‌ن مه‌به‌ستتان چییه؟... ئه‌وه ده‌بێت خه‌ڵک و رخنه‌گر به‌ناو شیعره‌کانی مندا بگه‌ڕێت و لایه‌نه جياجياکان و ره‌هه‌نده جۆربه‌جۆره‌کانی شیعری من بخاته به‌ر رخنه و لێکۆڵینه‌وه.
من نازانم چ شتێکی تايبه‌تی له ناو شیعره‌کانمدا هه‌یه که له ناو شیعری که‌سێکیتردا نه‌بێت... به‌ڕاستی بۆ خۆم دیار نییه ئه‌و شتانه. به‌ڵام ئه‌وه‌یکه هه‌یه شیعری من جیا له خه‌ڵک نییه... جیا له ره‌نج و ئازاری خه‌ڵک نییه.... جیا له کۆمهڵگانییه.. جیا له ده‌رده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه. ئیترتایبهتمهندیهكیتر جیا له‌م بابه‌تانه له ناو شیعرى مندا نییه. ره‌نگه ره‌خنه‌گر شتانێکی تر بدۆزێته‌وه که من تا ئێستا په‌یم پێ نه‌بردبێت.
پرسيار: بۆ خۆت بیرت نه‌کردۆته‌وه له‌و جیاوازییانه؟
وه‌ڵام: دیاره زمانى هه‌ر شاعیرێک له‌گه‌ڵ شاعیرێکیتردا جیاوازی هه‌یه. و هه‌روه‌ها بۆ چوون و ڕوانینی هه‌ر شاعیرێک بۆ بابه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ بۆ چوون و شێوه روانینی شاعیرێکی دیکه جیاوازی هه‌یه.
ئێستا ئه‌گه‌ر من شێوه‌ی روانینم بۆ کێشه‌کان جۆرێکی تر بێت که شاعیرێکی تر وانه‌بێت. هه‌ر به‌وجۆره که ئاماژه‌م پێ‌کرد ده‌بێت ئێوه بزانن.
پرسيار: بیستوومانه زۆربه‌ی شیعره‌کانت، به زمانی فه‌ره‌نسی وه‌رگێڕاونه‌ته‌وه، ئایا بێجگه له فه‌ره‌نسی به زمانێکی‌تر وه‌رگێڕاونه‌ته‌وه؟
وه‌ڵام: ساڵانێکی زوو من چه‌ند شیعرێکم نارد بۆ مامۆستا "عه‌بدوڵڵا په‌شێو" و له رێگه‌ی نامه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ک په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو. واته ئه‌وکاته‌ی که له مسکۆ و لیبی دا بوو شیعرم بۆ ده‌نارد. ئه‌وکاته کاک عه‌بدوڵڵا په‌شێو چه‌ند شیعرێکی منی وه‌رگێڕابووه‌وه سه‌ر زمانی رووسی. دواتریش له فه‌ره‌نسه‌دا چه‌ند شیعرێکی دیکه‌میان وه‌رگێڕا بووه‌وه بۆ سه‌رزمانی فه‌ره‌نسی و هه‌رووها خانمێک هه‌یه، له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمان و ئه‌ده‌بی کوردییدا کار ده‌کات نازانم ناوێ خانمی "جۆیس لۆی"ه.. چییه... ئه‌و تاکوو ئێستا چه‌ند کتێبیکی سه‌باره‌ت به فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی بڵاوکردۆته‌وه.
جارێک نامه‌یه‌کی بۆ ناردم كه داوای بیۆگرافی لێکردبووم و هه‌روه‌ها چه‌ند شیعرێکی خۆم که وه‌ری بگرێته‌وه و وه‌کوو کۆمه‌ڵه شیعرێک له چاپی بدات، که پێموابێ ئه‌و کاره‌شی کرد بوو، چۆن دواتر له نامهیهکیتردا بۆمی نووسی بوو که شیعره‌کانتم وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه وبڕیار بوو بینێرێت بۆم.
به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌گه‌یشتووته ده‌ستم. هه‌روه‌ها شیعرم به ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و یه‌ک دوو زمانێکی‌تر وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه و له‌چاپ دراون. به تایبه‌ت له‌و چه‌ند ساڵه‌ی که له هه‌ولێر بووم شیعر و چیرۆکی زۆرم به زمانی عه‌ره‌بی ته‌رجمه و بڵاوکراونه‌ته‌وه.
پرسيار: جگه‌له‌مانه بیستوومانه تا راده‌یه‌کیش دژ به وه‌رگێڕانی شیعرن، ئه‌کرێت له‌م باره‌وه بۆمان باس بکه‌ن و هۆکاره‌کانی بڵێن؟
وه‌ڵام: دژ به وه‌رگێڕانی شیعر نیم. به‌ڵام من له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م که هه‌میشه وه‌رگێڕان یان ته‌رجه‌مه له تمه ده‌دات له ده‌قی بابه‌ته‌که. نه‌فه‌ر ێک قسه‌یه‌کی باش ده‌کات، ئه‌ڵێت: "وه‌رگێڕان وه‌کوو ئه‌وه‌یه که بولبولێک له به‌ر گۆشته‌که‌ی بکوژیت". به‌ڕاستی شیعری واقیعی بۆ سهرزمانێکیتر وهرناگیڕدرێتهوه....هه‌ر زمانێک تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بۆ وێنه: زمانی کوردی هیندێ وشه و ده‌سته‌واژه‌ی تایبه‌تی هه‌یه که وه‌رناگێڕدرێته‌وه بۆ سه‌ر زمانێکی تر و ئه‌گه‌ریش وه‌ربگێڕدرێته‌وه سهرزمانێکیتر، زۆر ناحه‌ز ده‌بێت. هه‌روه‌ها زمانی فارسی، زمانی عه‌ره‌بی..... زمانی ئینگلیزی و .... ئه‌و شتانه تۆ چی‌یان پێ ده‌که‌یت. بۆ وێنه: تۆ له زمانی فارسی دا بڵێ " کزه‌ی جه‌رگم" ....کزه‌ی جه‌رگم وه‌ربگێڕێته‌وه سه‌ر زمانی فارسی، ئایا ئه‌و جوانییه‌ی خۆی له ده‌ست نادات؟
هه‌روه‌ها شتانێکی تر که گه ر وه‌ریان بگێڕینه‌وه سهرزمانێکیتر ئه‌و جوانییه‌یان نامێنێ... چیرۆک و و رۆمان له‌گه‌ڵ شیعردا جیاوازییان هه‌یه. چۆن شیعر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وشه‌گه‌لێکی جوان و ناسکدا هه‌یه، لێره‌وه به‌ڕای من وه‌رگێڕانی بۆ سهرزمانێکی تر دژواره. ئه‌مه یه‌کێک له هۆکاره‌کانیه‌تی، دووهه‌م ئه‌وه‌یه که هێندێ له وه‌رگێڕانه‌کان له بواری شیعردا هه‌یه... بۆ وێنه: شیعرێک به زمانی ئینگلیزی گوتراوه، کابرایه‌کی فه‌ره‌نسی دێت ئه‌و شیعره بۆ سه‌رزمانی فه‌ره‌نسی وه‌رده‌گێڕدرێته‌وه، کابرایه‌کی فارسیش دێت هه‌ر ئه‌و شیعره ده‌کات به فارسی و کابرایه‌کی کوردیش دێت ئه‌و شیعره وه‌رده‌گێڕێته‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی.... ئاخۆ ئه‌م شیعره کاتێ که ده‌بێت به کوردی، گه‌ر شاعیره ئینگلیزیه‌که‌ی بیخوێنیته‌وه، ده‌زانێت شیعری خۆیه... پێی موابێ قه‌ت ئه‌و شیعره ناناسێته‌وه. به‌ڵام رۆمان و چیرۆک وا نییه. له به‌ر ئه‌وه‌یه گه‌ر من له‌م باره‌وه دژایه‌تییه کم هه‌بێ.
سه‌ڕای ئه‌وه‌یکه تاڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕاندا دژایه‌تیم هه‌یه، من زۆر کاری وه‌رگێڕانم بووه له بواری وه‌رگێڕانی شیعردا. به‌ڵام له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که ده‌بێت له زمانی ئه‌سڵیه‌وه کاری وه‌رگێڕان بکه‌ین. من ره‌نگه یه‌که‌م که‌سێک بم له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، که شیعری شاعیرانی کوردم به فارسه‌کان ناساند و یه‌که‌مین که‌سێک بووم که شیعری کوردیم وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی فارسی. که‌سێکی وه‌ک شاملوو شیعری کوردی وه‌رگێراوه‌ته‌وه بۆ سه‌ر زمانی فارسی؛ شیعری شێرکۆ بیکهس، ئه‌و شیعرانه‌ی له کتێبی " جمعه"دا به جاپ گه‌یاند. له واقیعدا ئه‌و کاته بوو که به‌تایبه‌تی شاملوو له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌سدا و به گشتی له‌گه‌ڵ شیعری کوردییدا ئاشنا بوو.
ئه‌و وه‌رگێڕه‌م به دڵه له ناو جه‌سته‌ی نووسه‌ره‌که‌دا بتوێته‌وه. له‌گه‌ڵ رۆحێکدا جووت بێت. بزانێت نووسه‌ره‌که به‌کام ژان و ئازاره‌وه تلاوه‌ته‌وه و هه‌ر وشه‌یه‌ک له قووڵایی کام حه‌ز و تاسه و خه‌م و شادیه‌وه هه‌ڵقوڵیوه. هه‌ر به‌و جۆره‌ی ئاماژه‌م پیکرد، ده‌ڵێن وه‌رگێڕان وه‌ک ئه‌وه وایه " بولبولێک بۆ گۆشته‌که‌ی سه‌ر ببڕی". به‌ڵام من دڵنیام وه‌رگێڕی واش هه‌یه سواری باڵی بولبوله که ده‌بێ و له گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌فڕێ. من "عه‌زیز گه‌ردی"م نه‌دیوه و نایشی ناسم. به‌ڵام "داغستانی من" له و په‌ڕی به‌هره و پسپۆڕی و زمان پاراویه وه ته‌رجمه کراوه. ته‌نانه‌ت له ته‌رجمه فارسی یه‌که‌شی سه‌رکه‌وتووتره. هه‌روه‌ها خوالێخۆشبوو، مامۆستا "شوکر مسته‌فا"وه‌رگێڕێکی لێهاتوو و شاره‌زا بوو. کوردی ده‌نووسی...زمان زۆر گرینگه به‌داخه‌وه له کوردستانی باشوور، هه‌ر چه‌ند خۆێندن و نووسینی کوردی مێژوویه‌کی – به‌ڕێژی کوردستانی رۆژهه‌ڵات- درێژه‌ی هه‌یه، به‌ڵام له باری شێوازی نووسێنهوه دواکه‌وتووه... قسه‌ی شیعر ناکه‌م... ئه‌ده‌بیاتی نه‌سر ده‌ڵێم.... ئه‌ده‌بیاته‌که وه‌ک وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی وایه. هێندێکیان به عه‌ره‌بی بیرده‌که‌نه‌وه و به کوردی ده‌ینووسن!... مه‌لا" عهواڵای حه‌سه‌ن زاده"شم زۆر به دڵه، زمان پاراو و کوردی زانێکی پسپۆڕه و وه‌رگێڕاوه‌کانی له ئه‌و په‌ڕی جوانیدان...
پرسيار: باسی شاملووتان هێنایه پێشه‌وه.. به ئاماژه به‌وه‌یکه له بواری ئه‌ده‌بی فارسیشدا که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو بوون و له‌گه‌ڵ که‌سانێکی وه‌ک: شاملوو، ئه‌خه‌وان سالێس، سیاوه‌شی که‌سرایی و... هتد په‌یوه‌ندیتان هه‌بووه، چ کاریگه‌رییه‌ک له ئه‌ده‌بی فارسی به سه‌ر شیعره‌کانته‌وه هه‌یه؟
وه‌ڵام: من پێش ئه‌وه‌یکه به زمانی کوردی شیعر بڵێم، له بواری ئه‌ده‌بی فارسییدا سه‌رقاڵی چالاکی بووم. له ساڵانی 1346 و 47 وه من ده‌ستم به نووسینی فارسی کرد و زۆر زوو توانیم له ئه‌نجومه‌ن و کۆڕه ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی فارسییدا و هه‌روه‌ها له رۆژنامه فارسییه‌کاندا جێگه‌ی خۆم بکه‌مه‌وه.
له بیرم دێت که یه‌که‌مین به‌رهه‌مم ( شیعرێک بوو) له ساڵی 1348دا له گۆڤارێک‌دا که به زمانی فارسی ده‌رده‌چوو، له چاپدرا. ئیتر له‌وه و به‌ملا به‌رده‌وام شیعره‌کانم چاپ ده‌کران و بڵاو ده‌بوونه‌وه، به‌تایبه‌ت شیعرم کاتێکه نه‌ختێک به‌ره‌وپێش جووڵایه‌وه، ئه‌وکاته بوو که له‌گه‌ڵ شاملوودا ( له گۆڤاری "خووشه"دا به‌رپرسی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بییه‌کانی بوو) ئاشنا بووم.
هه‌ر له‌وکاته‌وه له‌گه‌ڵ شاملوودا په‌یوه‌ندییم هه‌بوو و شاملووم ده‌ناسی و چه‌ند جاریکیش که ده‌چوومه تاران له‌گه‌ڵ یه‌ک دانیشتنمان هه بوو و هات و چووی یه‌کترمان ده‌کرد... و پیاوه‌تی هه‌بوو له هه‌مبه‌ر مندا. هه‌روه‌ها له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ سیاوه‌شی کهسراییدا ئاشنایه‌تیم هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌خه‌وان سالسدا ئاشناییم هه‌بوو و له‌گه‌ڵ چه‌ند شاعیرێکی به‌ناوبانگی دیکه‌ی فارسی‌دا په‌یوه‌ندییم هه‌بوو، به‌تایبه‌ت سیاوه‌شی که‌سرایی. بابیرهوهری یكتان بۆ بگێڕمه‌وه: له ساڵی 1975ی زاینی دا، واته ساڵی 1354ی هه‌تاوی، ئه‌وکاته‌ی که شۆڕشی عێراق هه‌ره‌سی هێنا بوو. کورده كان هاتبوونه ئێران، شۆڕش سه‌رکوتکرا بوو، پێشمه‌رگه و بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌کان هه‌موو ئاواره بوون. "له‌تیف هه‌ڵمه‌ت" کتێبێکی له‌چاپدا بوو، به‌ناو "گه‌رده‌لوولی سپی"، له‌و کتێبه‌دا شیعرێک بوو به ناوی "بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ نالی بۆ حه‌بیبه دێته‌وه". من ئه‌و شیعره‌م که شیعرێکی درێژیش بوو وه‌رگێڕایه‌وه بۆ سه‌ر زمانی فارسی. بۆ چه‌ندین جار له هه‌ر کۆڕ و دانیشتنێکدا سیاوه‌شی که‌سرایی داوای ده‌کرد که من ئه‌و شیعره بخوێنمه‌وه و هه‌ر جارێک که من ئه‌و شیعره‌م ده‌خوێنده‌وه، سیاوه‌شی که‌سرایی. ده‌ستی ده‌کرد به گریان...
جا ئه‌وه‌ی پرسیارت کرد که ئایا له ئه‌ده‌بیاتی فارس کاریگه‌ریم وه‌رگرتووه؟ به‌ڵێ... سێبه‌رى ئه‌ده‌بیاتی فارسی بێگومان به سه‌ر شیعره‌کانمه‌وه هه‌یه، چۆنکوو گه‌ر ئێمه سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین که شیعری کوردی شاعيرانى باشوورى كوردستان سێبه رى شيعرى عه ره بى به سه ريه وه هه يه و شیعری ئه‌وانه‌ی که له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا شیعر ده‌ڵێن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که له بواری شیعری فارسی‌دا کاریان کردووه، به جۆرێک کاریگه‌رییان له ئه‌ده‌بی فارسی وه‌رگرتووه.
من له ئه‌ده‌بیاتی فارسییدا سه‌رکه‌وتنێکی زۆر باشم بوو. تا ساڵی 1357 من به ته‌واوی له سه‌ر شیعر و چیرۆکی فارسی کارم ده‌کرد. ئه‌وه‌نده شیعرم له بڵاوکراو و رۆژنامه‌کاندا بڵاو بوونه‌وه، کاتێکه بۆ به‌ئه‌ندام بوون له "کانوونی نووسه‌رانی ئێران"دا پێشنیارکرام ( که به پێشنیاری ئه‌وکاته‌ی به‌ڕێز "فه‌ره‌یدوون تونکابۆنی" بوو) به ئاماژه به‌وه‌یکه مه‌رجی ئه‌ندام وه‌رگرتن له‌و کانوونه‌دا، له چاپدانی دوو کتێب بوو، به‌ڵام من هه‌ر به‌و بۆنه‌وه که شیعری زۆرم له بڵاڤۆکه‌کاندا له چاپ دا بوو، وه‌رگیرام و بووم به ئه‌ندامی کانوونی نووسه‌رانی ئیران. لێره‌وه دیاره که کاریگه‌ریم وه‌رگرتووه.
پرسيار: ئه‌ی سه‌رده‌می "سروه" و په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ مامۆستا "هه‌ژار"،مامۆستا"هێمن" ،"سواره"و... چى؟
وه‌ڵام: من بۆ ماوه ىپانزه ساڵ به دڵ و به گيان له گۆڤارى"سروه"دا كارم ده كرد. له یه‌که‌مین ژماره‌دا مامۆستا هێمن بۆ هاوكارىله سروه‌دا، بانگهێشتی کردم، من رۆیشتمه ورمێ و له‌گه‌ڵ مامۆستا" هێمن"دا دانیشتین و باسمان کرد... ئه‌وکاته تازه له زیندان ئازادکرابووم.. له هه‌مبه‌ر سروه و ئه‌و دیاردهتازهدا زۆر ره‌شبین بووم. پێموا بوو که مامۆستا هێمنیشیان خه‌ڵه‌تاندووه. ئه‌وکاته‌ش بهخۆێم گوت... مامۆستا هێمن له‌م باره‌وه باسی زۆری بۆ کردم و یه‌کێک له قسه‌خۆشه‌کانی ئه‌وه بوو که گوتی تۆ ده‌ڵێیی ئاوایه... ده‌باشه باوابێ.. پیاوی سیاسی و ئازاد ده‌بێت له ئامرازی دوژمن که‌ڵک وه‌ربگرێت. با ئیمه له بڵهندگۆی خودی دوژمن به قازانجی کورد که‌ڵک وه‌ربگرین. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وکاته نه‌چوومه گۆڤاری سروه و مامۆستا هیمن ماڵاوایی له ژیان کرد و دووساڵ دوای ئه‌وه دیسان بۆ گۆڤاری سروه بانگهێشتیان کردم... ئه‌مجاره ئیتر چووم و هه‌ر به ته‌واوی بووم به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی"سروه" و به‌رپرسی یه‌که‌ی له چاپدانی کتێب و دوای ماوه‌یه‌کیتر بووم به به‌رپرسی لاپه‌ڕه ئه‌ده‌بییه‌کانی" سروه".
پانزه ساڵ له" سروه"دا کارم کرد.. پانزه ساڵ به‌دڵ و به‌گیان کارمکرد، واته به‌شێکی زۆر له رۆژگاری جوانیم سه‌رفی"سروه" کرد. ئه‌وه‌یش بڵێم ئێستا به خۆشییه‌وه زۆرێک له‌و دۆستانه زیندوون و قسه‌کانیشم ده‌خوێننه‌وه، ته‌واوی ئه‌رک و کاره‌کانی سروه به سه‌رشانی سێ که‌سه‌وه بوو؛ مارف ئاغایی، ئه‌حمه‌دی قازی و من (جه‌لالی مه‌له‌کشا). ئه‌م سێ که‌سه له‌وکاته‌دا گۆڤاری "سروه"مان ده‌رکرد و کهسانێکیتر که هه‌بوون له په‌راوێزیه‌وه بوون و گه‌ر که‌سێکیش جگه له‌مه بڵێت بێ ئینسافی کردووه.
پانزه ساڵ به دڵ و گیان کارمان کرد... ته‌نانه‌ت وای لێهاتبوو که من ده‌که‌وتمه زیندان، گۆڤاری "سروه"یان ده‌هێنایه زیندان بۆم و له‌وێ (زیندان) کاره‌کانیم به ئه‌نجام ده‌گه‌یاندوو به‌ڕێمان ده‌کرد بۆ چاپ. ئه‌وه کاک ئه‌حمه‌دى قازی زیندووه و به ته‌واوی ئاگاداری بابه‌ته‌که‌یه. له واقیعدا له بواری ئه‌ده‌بییه‌وه من به‌رپرسی به‌شی ئه‌ده‌بی گۆڤاری سروه بووم.
پرسيار: ئه‌ی"هه‌ژار" و"سواره" چی؟
وه‌ڵام: مامۆستا هه‌ژار زۆر سه‌ردانی ئێمه‌ی ده‌کرد له گۆڤاری"سروه". له راستیدا خوالێخۆشبووه هه‌رچی ده‌هات سه‌ردانی ورمێ بکات، ئێمه‌شی به سه‌ر ده‌کرده‌وه. ئه‌و نزیکایهتیێکی زۆری له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانییدا هه‌بوو وبه‌رده‌وام ده‌هاته راژان (سه‌ربه‌شاری ورمێ) و هه‌میشه‌ش بێ گومان سه‌ردانی "سروه"ی ده‌کرد و"سروه"ی وه‌کوو برازاگێکی بێ باوکی خۆی ده‌بینی و ده‌بوایه بێ گومان سه‌ردانێکی بکردباێت .. لهخزمهتيداقازانجمان وه‌رده‌گرت. من به‌ش به‌حاڵی خۆم ئێسته‌ش سپاسى ده‌که‌م و شتی زۆری لێ فێر بووم و له کۆڕ و دانیشتنه‌کانیدا به‌شدار بووم.
جگه‌له مامۆستا "هیمن" و"هه‌ژار"، له ناو شاعیران‌دا له‌گه‌ڵ"سواره"ی بهڕێزیشدا ئاشنایه‌تیم هه‌بوو. "سواره‌ی ئیلخانی زاده" ئه‌و سه‌رده‌می که له تاران بووم له راديۆ به‌رنامه‌ی "تاپۆ و بوومه‌ڵێڵ"ی به‌ڕێوه ده‌برد، له‌گه‌ڵی ئاشنا بووم. له واقیعدا ئه‌وکاته بوو که به‌شێوه‌یه‌کی جیدی ده‌ستی کردبوو به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی خۆی له رادیۆدا. ئه‌و ماوه‌یه‌ی به ده‌رفه‌تێکی باش ده‌زانی. من زۆر شیعری "سواره"م له‌وکاته‌دا له زمانی خۆیه‌وه بیستووه و ده‌یخوێنده‌وه بۆم.. به‌داخه‌وه من زۆر شیعرم لێ بیستووه که له ناو دیوانه‌که‌ییدا نییه.
له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو "مارف ئاغایی"دا، ته‌واوی شاره‌کانی کوردستان به دوای به‌رهه‌مه‌کانی سواره‌دا گه‌ڕاین بۆ ئه‌وه‌ی کۆیان بکه‌ینه‌وه و له کتێبکدا چاپی بکه‌ین، به‌ڵام زۆرمان ده‌س نه‌که‌وت جگه له‌و هێنده‌ی که له کتێبه‌که‌یدا له چاپ دراوه.
پرسيار: بابگه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئاماژه‌تان کرد له زینداندا بوون و دیاره زیندانی زۆرتان کێشاوه. سه‌باره‌ت به‌وه‌یکه له زینداندا بوون و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له کونجی زینداندا ئافراندووتانه بۆمان باس بکه‌ن، یان له وقیعدا چ روانگهیهکتان له هه‌مبه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌دا هه‌یه که له گۆشه‌ی زینداندا خوڵقاندوویانه؟
وه‌ڵام: من پێموایه زۆربه‌ی شاکاره ئه‌ده‌بییه‌کانی جیهان له زینداندا هاتوونه‌ته به‌رهه‌م. زۆر شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره‌مان بووه که له زینداندا دیسان چرۆیان کردۆته‌وه.
دیاره به ئاماژه به‌وه‌یکه ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆرم چێشتووه، زۆربه‌ی ئه‌و زیندانانه‌ش که تێمپه‌ڕاندووه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کێشه‌ی سیاسی کورده‌واریدا بووه. هه‌ڵبه‌ت جگه له‌مه‌ش زیندانم کێشاوه، زۆربه‌ی شیعرکانم به‌رهه‌می گۆشه‌ی زیندانن.
به ڕاستی ئه‌و شیعرانه‌ی که ده‌ردی تێدایه، هاواری تێدایه، ره‌نجی تێدایه و زووش ده‌بێته وێردی زمانی خه‌ڵک هی گۆشه‌ی زیندانه‌کانه. وه‌ک فارس ده‌ڵێت: " سخنی که از دل برآید لاجرم بر دل نشیند".
پرسيار: به ئاماژه به‌وه‌یکه، شیعر ده‌بێت هه‌ڵگری سێ تایبه‌تمه‌ندی بێت؛ مۆسیقا، ساده‌یی و له‌باری ماناوه بۆ خه‌ڵک بێت، ئایا شیعری شاعیرانی ئه‌مڕۆ له‌م پێناوه‌دا توانیویانه سه‌رکه‌و توو بن و کاریگه‌ریی خۆیان بسه‌لمێنن؟
وه‌ڵام: نه وه‌ڵا... سه‌رکه‌وتوو نه‌بوونه! من هه‌میشه شکایه‌تم ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێم به داخه‌وه ئێستا له کوردستان (به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵات)، جگه له چه‌ند شاعیر که ژماره‌یان له قامکی ده‌ست تێپه‌ڕ نابێت، شاعيرى باشمان نييه. شيعر ده‌بێ له‌گه‌ڵ په خشاندا جياواز بێت. چی ئه‌م جیاوازییه ده‌خوڵقێنێت؛ قورسایی، مۆسیقا، له باری ده‌روونی، ئیقاع، ئیقاعی ده‌روونی. ئه‌گه‌ریش له ئه‌وزانی عه‌رووزی که‌ڵک وه‌رناگیردرێت، ده‌بێ وشه‌کان وه‌زنێکی ده‌روونیان هه‌بێ.
من ناڵێم تۆ بێ له رووی ئهوازنی عه‌رووزی شیعر بڵێ... من ده‌ڵێم ئه‌و شیعره‌ی که تۆ گوتووته ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌خشاندا جیاوازییه‌کی بچووکی بێت. ئێسته به‌چی ئه‌و جیاوازییه ده‌خوڵقێنێت؛ به ئیقاعی ده‌روونی وشه كان، به مۆسیقای ده‌روونی وشه‌کان، به قورسایی و ...هتد.
بڕوانه! ره‌نگه ئێستا کابرا نوێرترین مه‌زموون بتوانێت له چوارچێوه‌ی غهزهڵێکدا بێنێت، چ ئیرادێکی هه‌یه...
پرسيار: تائێره که باسمان کرد وادیاره زۆره‌به‌ی شیعره‌کانی جه‌نابت له خانه‌ی شیعری به‌رخۆدان و سیاسی‌دا ده‌گونجێن، ئه‌ی سروشت و جوانی، ئه‌ی ژن و ژیان، ئه‌ی عه‌شق و خۆشه‌ویستی چی؟
وه‌ڵام: وه‌ڵڵاهی زۆر که‌س ئه‌و تۆمه‌ته‌م لێ ده‌ده‌ن، ئه‌ڵێن تۆ هه‌ر دڵت نییه. منیش شیعرێکم هه‌یه ده‌ڵێم: " شیعره‌کانم/ بوون به گوڵ و/ که‌نیشکه‌کانی ئه‌م شاره چه‌پک چه‌پک کردیان به هه‌دیه‌ی دڵداری/ به‌ڵام هه‌رگیز کچێک نه‌هات بڵێت: جه‌لال ئهخۆت بۆ هینده خه‌مباری".
کاکه منیش دڵم هه‌یه...دڵیشم ته‌ڕه.. عاشقی چاوی جوانم... عاشقی باڵای به‌رزم... عاشقی زوڵفی لوولم...عاشقی باڵاى عهرعهرم... واش نییه... شیعری عاشقانهشم هه‌یه،به‌ڵام دیاره شیعره عاشقانه‌کانم زۆر بڵاو نه‌کردۆته‌وه.
بڕۆ له خێزام بپرسه بزانه شیعره عاشقانه‌کانم چۆنه؟... به هه‌ر حاڵ عه‌شق ته‌نیا به بوونی ژنه‌وه نهبهسترواوهتهوه. له پاڵی ئه‌و عه‌شقه‌دا که به ئامانجه‌که‌م هه‌مه، عاشقی جوانیم...عاشقی سروشتی جوانم... عاشقی چاوی که‌ژاڵم و له‌م باره‌شه‌وه شیعرم زۆره. به‌ڵام دیاره ناگه‌ن به شیعره سیاسی و کۆمهڵاتییهکانم...
ئه‌وه‌نده زۆر نین.
باپێشت بڵێم له بواری فارسییدا زۆرتر له‌و شیعرانه‌م هه‌یه... له کوردییدا که‌متره. ره‌نگه هۆکه‌شی ئه‌وه بێت که کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری ئه‌و شیعرانه‌ی هه‌ڵنه‌ده‌گرت. کورد ئه‌وه‌نده ده‌ردو ره‌نجی هه‌یه.. کورد زیاتر له فارس ده‌رد و ره‌نجی هه‌یه. که‌وایه که‌متر له فارس به دوای عه‌شق و ژن و چاو و...دا ده‌گه‌ڕێ.
پرسيار: جه‌نابت شیعری کوردی له‌م سهدرهمهدا، له ئاستی جیهاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ ئایا ده‌توانێ له به‌رانبه‌ر شیعری جیهاندا قسه‌یه‌کی بۆ وتن هه‌بێت؟
وه‌ڵام: وه‌ڵڵاهی شیعری کوردی زۆر له شیعری جیهانی دواتر نییه.. کورد زۆر دێر ده‌ستیپێکردووه، ئێستا ره‌نگه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مه‌کتووب (نووسراو)ى کوردی له باری مێژووییه‌وه زیاتر له130- 120 ساڵی کۆنتربێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و ماوه که‌مه کورد زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو و به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له بواری شیعردا زۆر چۆته پێشه‌وه.
هه‌روه‌ها دیاره له زۆر بواریشدا به ڕاستی دواکه‌وتووین؛ مێژوو نووسین، فه‌لسه‌فه، بابه‌ته زانستییه‌کان و ...هتد. له‌م بوارانه‌دا دواکه‌وتووین. به‌ڵام له بواری شیعردا زۆر سه‌رکه‌وتوین و چه‌ند شاعیرێکشمان هه‌یه له ئاستی جیهاندا ناوبانگیان ده‌رکردووه و باسیان له سه‌ر ده‌که‌ن؛ که‌سانیکی وه‌ک شێرکۆ بێکه‌س، عه‌بدۆڵڵا په‌شێو و... دیاره وه‌ختێکه به‌م شێوه له ئارادا بن شیعره‌که‌ی شیعرێکی جیهانییه. سه‌ڕای ئه‌مه‌ش نابێت خۆمان به زل بزانین. چوونکه هێشتا زۆرمان ماوه بگه‌ینه ئه‌و ئاسته، ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆرمان ماوه بگه‌ینه ئاستی ئه‌ده‌بیاتی وڵاتانی دراوسێمان.
پرسيار: وتارێکتان له مه‌ڕ شیعر نوێ کوردی " در مسیر پست مدرنیزم"، به زمانی فارسی له یه‌کێ له بڵاو کاراوهکاندا بڵاوکاندا بڵاو کردوه... دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و وتاره قسه‌و باسێکی زۆر سه‌ری هه‌ڵدا، تکایه له‌م باره‌وه ڕا و بۆچوونی خۆتان ده‌رببڕن؟
وه‌ڵام: پێموایه ئه‌و هه‌را و جه‌نجاڵه دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی له شیعره‌کانم (زڕه‌ی زه‌نجیری وشه دیله‌کان) به‌رپا بوو..
دیاره من له شیعره‌کانمدا ناسیۆنالیزم زۆر تۆخه و زۆریش قووڵه و ئه‌مه‌ش به‌ڕای تاقمێک جوان نییه و ته‌نانه‌ت دژ بهمهن. که‌سێک به ناوی "نادری" بۆ یه‌که‌م جار له‌م باره‌وه شتی نووسی بوو و هێرشی کردبووه سه‌رم و هیندێ قسه‌ی کرد بوو، که به‌راستی ده‌کرێ بڵێین بێ ئه‌خلاقیشی کرد بوو.
گوتبووی جه‌لال مه‌له‌كشا شاعیری ئێمه نییه و له‌زینداندا شكا و روخا و به‌ره‌ولای رژیم چوو. جا من نازانم كه‌ی شاعیری ئه‌وان بووم كه ئێسته شاعیری ئه‌وان نیم و نازانم روخانی من له زینداندا كه‌ی بووه و ئه‌م ئاغایه له كوێدا من ده‌ناسێت؟ سه‌ر سووڕهێنه‌رترین قسه‌ی ئه‌وه‌بوو كه گوتبووی جه‌لال مه‌له‌كشا ئێستا له ژێر سێبه‌ری رژیمدا به‌خۆشی و كامه‌رانی ده‌ژیت. ئه‌وانه‌ی كه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا(به تایبه‌ت شاری سنه) له‌گه‌ڵ ژیانی مندا ئاشنایاتیان هه‌یه، ده‌زانن چه‌ن له كامه‌رانی و له خۆشی‌دا ده‌ژیم و چه‌ن له‌باری ئابوورییه‌وه باودۆخم باشه!!! به دوای نووسینی ئه‌م كابرایه، یهكێكیتر به ناوی"مام ئاكۆ" هێرشی كرده سه‌رم. دیاره له رووی نووسین و شێوه‌كاریه‌وه هه‌ر رۆژ هێرش ده‌باته سه‌ر كه‌سێك. بۆ وێنه: هێرشی بردۆته سه‌ر من(جه‌لال مه‌له‌كشا)،"چاوه‌ی شیخ‌الاسلامی"، "ئیبراهیمی عه‌لیزاده"، "مه‌لا عه‌بدۆڵڵای حه‌سه‌ن زاده"، "مسته‌فا هیجری" ، "حوسێن یه‌زدانپه‌نا"و....لێره‌وه ئیدی دیاره ئه‌م كابرایه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئاسایشیهكانهوه راسپێردراوه، كه هه‌ر رۆژ كه‌سایه‌تی هێندی كه‌س ده‌باته ژێر پرسیار.
"مام ئاكۆ" شتێكی نووسی بوو و به‌توندی هێرشی كردبوو كه جه‌لالی مه‌له‌كشا... وا...وا... خه‌ریكه بابه‌تگه‌لێكی ناسیۆنالیستی په‌ره‌پێده‌دات... به‌دوای ئه‌مه‌شدا حیزبی "كۆمۆنیستی كاریگه‌ری" هاتبووه مه‌یدان كه، به‌توندی كتێبه‌كه‌ی مه‌حكووم كردبوو و بابه‌تگه‌لی ناسیۆنالیزمی له كتێبه‌دا مهحكوول راگه‌یاندبوو. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بڵێم كه به‌دوای ئه‌وه‌یكه ئه‌و بهرادهرانه له‌سه‌ر من نووسیان، چه‌ند بابهتێكیتر له ماڵپه‌ڕه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه كه لایه‌نگری له من كرا بوو. زۆر كه‌س؛ له ئه‌ڵمانیا، سوید، باشووری كوردستان، نهرویجو... به نووسینی وتار و ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی جیاواز لاینگریان لێ كردبووم. ره‌نگه وتاره‌كان له‌م بابه‌ته‌وه ژماره‌یان گه‌یشتبێتن به30- 40 دانه كه چه‌ند دانه‌یان دژ بهمن بوون و زۆربه‌شیان له پشتیوانی مندا بوون. هه‌رچه‌ند دۆستان زۆر له‌م باره‌وه داكۆكیان ده‌كرد كه و‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌و بابه‌تێك بنووسم، به ڵام من هه‌ر نه‌هاتمه جواو و وڵامیانم نه‌دایه‌وه. چون به‌ڕاستی ئه‌وانه‌م به پیاو نه‌زانیوه‌و ناشیان زانم تاكوو و‌ڵامیان بهدهمهوهو باسیان له‌گه‌ڵ بكه‌م.
من پێموایه گه‌ر و‌ڵامیان بده‌مه‌وه و باسیان له سه‌ر بكه‌م، ناوبانگ ده‌رده‌كه‌ن، كه‌وایه باشتره كه من هه‌ر بێده‌گ بم. یا به وته‌ی فارسه‌كان"جواب ابلهان خامووشی است".
پرسيار: دیاره جنابتان رۆلێكی به‌رچاوتان له ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌تایبه‌ت له بوواری شیعر‌و چیرۆكداههیه.. ئه‌وه‌ش ئاگادارن چه‌ند ساڵێكه پردی په‌یوه‌ندی نێوان دوو قۆڵی هونه‌ری ئه‌ده‌بی ئه‌م دیو و ئه‌و دیو درووست بووه.. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا ئێوه‌مان قه‌ت نه‌دیوه و ته‌نانه‌ت یادێكیشتان لێ نه‌كراوه، له كاتێكدا یه‌كێك له پێشه‌نگانی ئه‌ده‌بیاتی نوێ كوردی و ئاڵا هه‌ڵگری بزاڤی ئهدهبو فه‌رهه‌نگی كوردستان(به‌تایبه‌ت رۆژهه‌ڵات) ن.. هۆیه‌كه‌ی چییه؟
وه‌ڵام: ئه‌وه‌یكه من له بواری ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا رۆڵێكم بووه یان كاریگه‌رییه‌كم دانابێت، له‌م باره‌وه هیچ ئیدعایهكم نییه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وش ناكه‌م... ماوه‌ی چه‌ند سالێكه، كه‌سانێك سه‌ریان هه‌ڵداوه و به‌نێوی نوێنه‌ری فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ره‌و ئه‌م لاو ئه‌ولا سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن.. به‌تایبه‌ت بۆ باشووری كوردستان و وه‌ك نوێنه‌ری شاعیران ونووسه‌رانی ئه‌م دیو له‌وێ قسه‌ده‌كه‌ن و ده‌خۆن و دهخهونو... دیاره خۆ ئێمه نابه‌ن بۆ ئه‌و جۆره شوێنانه، ئه‌وانه هێندێ كه‌سن كه خانزاده و خوان په‌روه‌رن، من پێموایه هێندێكیشیان ڕاسته‌وخۆ رۆڵی سیخۆڕ ده‌گێرن و دوای ئه‌وه‌یكه ده‌گه‌ڕنه‌وه ڕاپۆرته‌كانیان ئاراسته‌ی دامودزگا پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كن و زۆربه‌شیان به‌هیچ نازانم.. ته‌نانه‌ت به قه‌ڵه‌م به ده‌ستیش. هه‌ڵبه‌ت هێندێكیان"جاش قه‌ڵه‌من". دیاره جاش قه‌ڵه‌مه‌كان هه‌موو ده‌یانناسن و له‌ته‌واوی سهفهرهكانیشدا ئاماده‌ن.
ره‌نگه گه‌ر من له‌م باره‌وه ئه‌وه‌ند زۆر بدوێم، هێندێ كه‌س پێیانوابێت كه من بۆ به‌شی خۆم ده‌گریم... به‌ڵێ، من بۆ به‌شی خۆم ده‌گریم، چونكه من خۆم له‌وان به‌شیاوتر ده‌زانم و وه‌ك شاعیر‌و نووسه‌رێك زۆر زۆر له‌وان بهشهرهفترم، .. زۆر شاعیرترم، زۆر قه‌ڵه‌م خاوێنترم و زۆر بۆ كوردستان‌و شۆڕشی كورد دڵسۆزترم... و به‌و بۆنه‌وه كه جاش قه‌ڵه‌م و سیخۆڕ نیم له هیچكام له‌و سه‌فه‌ر و كۆڕانه‌دا بانگهێشتیان لێ نه‌كردووم. ته‌نیا جارێك له پرۆسه‌ی هه‌فته‌ی فه‌رهه‌نگی"سنه له سلێمانی" دا بوو كه هونهرمهندانو نووسه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیانیان بانگهێشت كردبوو، ناوێكیش له من هاتبوو. ئاخری هه‌موویان ڕۆیشتن ته‌نیا خه‌تی سووریا‌ن به‌سه‌ر ناوی مندا هێنا. كاتێ پرسیارم كرد له به‌رپرسی دایه‌ره‌ی ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای كوردستان(له شاری سنه)، گوتی: كاكه له باڵاوه(سه‌ره‌وه) راگه‌ێندراوه كه جنابت نابێت بچیت. دیاره بۆ ئه‌و سه‌فه‌رانه من نانێرن. شیعری من ره‌نگه له شیعره بڤه‌كان بێت و زه‌ره‌ری هه‌بێ بۆیان.. دیاره كه‌سانێك له‌و شاندو وه‌فدانه‌دا بوونیان هه‌یه كه دامودزگاكان له خۆیان رازی ده‌كه‌ن.
به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌وه چ شاعیر و نووسه‌رێكه كه وه‌كوو نوێنه‌ری شیعری رۆژهه‌ڵات له سلێمانی و له سه‌ر چنار داده‌نیشن و دوای خوێندنه‌وه‌ی شیعری"له‌تیف هه‌ڵمه ت" پێیان ده‌ڵێن کاکه؛ ئێوه که شاعیری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن فه‌رموون شیعری خۆتان بخوێننه‌وه. کابرایه‌ک به نوێنه رایهتی له‌مانه‌وه شیعرێک ده‌خوێنێته‌وه، ئینجا یه‌کێک له ئاماده‌بووانی کۆڕه‌که ده‌گه ڕێته‌وه ده‌ڵێت: "کاکه بریا گوت بخواردباێت و ئه‌و شیعره‌ت نهخوێندباێتهوه"
ئه‌م وته راسته و هیچ موبالغهیهكی تیادا نییه، ئه‌وه "عومه‌ری فارۆقی" بۆ خۆی له‌و کۆڕه دابوو و من ئه‌مه‌شم کاتی خۆی به زمانی"عومه‌ری فارۆقی"یه‌وه له گۆڤاری"سروه"دا بڵاو کرده‌وه. ئه‌وه نوێنه‌ره‌کانمان که ، کابرا ده‌ڵێت بریا گوت بخواردباێت و ئه‌و کاره‌ت نهکردباێت.
جگه له‌مه کاتێ له‌ولاوه بانگهێشت ده‌کرین، ئه‌وانه‌ی وا لێره‌دا هه‌موو شتێک له ژێر ده‌ستیاندایه له شاعیر‌و نووسه‌ره تواناکان بانگهێشت ناکه‌ن و ئه‌ندامانی لایه‌ن و گرووپ و باندی خۆیان ده‌به‌ن و له‌م بواره شه‌وه زۆرتر پێموابێ ئه‌ولا تاوانباره. وا نه‌بێ ئه‌وان نازانن...
من کاتێ له هه‌ولێر بووم، جارێک هه‌ر له‌م باره‌وه له گه‌ڵ شه‌هید " فه‌رنسۆ حه‌ریری"باسم کرد. شه‌هید فه‌ره‌نسۆ گوتی: کاک جه‌لال تۆ پێت وایه ئێمه ئه‌مانه ناناسین و نازانین هێندێ له‌مانه به شێوه‌ی مۆرهفهق ده‌ستییان له ناو خوێنی کورددایه و خودنڤیسهکانیان به خوێنی شه‌هیده‌کانمان پڕ بووه. گوتم ده‌باشه ده‌یانناسن ئیتر بۆ بانگهێشتیان ده‌که‌ن. گوتی: ئاخر ئه‌مه سیاسه‌ته!! سیاسه‌تیش ئه‌وه‌نده باوک و دایکی نییه، هه‌رچی بێت ئه‌مانه وه‌ک" پردی په‌یوه‌ندی"!!! ئه‌م دیوو ئه‌و دیون. به‌ڵێ ئه‌مه وڵامه‌که‌یان بوو( پردی په‌یوه‌ندی).. تاکه‌ی ئه‌م پرده، په‌یوه‌ندییه..
وه‌ڵڵاهی ئه‌م پرده قوڕ ده‌کات به‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر دوو لادا.
پرسيار: ئه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی که له کوردستانی باشوردا بوویت چیت ده‌کرد..بیستوومانه هه‌م له گۆڤارکانی ئه‌وێ کارت کردووه‌و هه‌م بۆ خۆت سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی هونه‌ری به نێوی" پرشنگ" بوویت. پرشنگ چۆن له دایک بوو و چۆن ده‌رکه‌که‌ی داخراو ته‌مه‌نی کۆتایی پێ هات؟
وه‌ڵام: کاتێکه به پێی هۆکارگه‌لێکی تایبه‌تی خۆی چووم بۆ کوردستانی باشور، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ی که خۆم بیرم لێ ده‌کرده‌وه پێشوازی یه‌کی زۆرم لێ کرا. هه‌رگیز پێموانه‌بوو که‌سێکی گه‌وره وه‌ک شه‌هید فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری بێته پێشوازی منه‌وه. قه‌ت پێموانه‌بوو کاک " نێچیرڤان بارزانی" بێته هانای منه‌وه. من ئێستاش سپاسی ئه‌و بهرادهرانه ده‌که‌م. کاتێ چوومه ئه‌وێ حیزبه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر کۆشایان که من به‌ره‌و لای خۆیان راکێشن، ته‌نانه‌ت سکرتاریای حیزبه‌کان، واته ده‌فته‌ری سیاسی حیزبه‌کان هه‌فتانه بانگهێشتیان ده‌کردم و به‌رنامه‌یان داده‌نا و هه‌وڵیشیان ئه‌وه بوو بچمه ناو حیزبه‌که‌یان، به‌ڵام له ئاکامدا من پێشنیار‌و... ره‌ت کرده‌وه و هاتم له هه‌ولێر نیشته‌جێ بووم و دوای ماوه‌یه‌ک کاک فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری په‌یوه‌ندی گه‌لێکی بۆم رێ خست و کاک نێچیرڤان بارزانی وه‌کوو کارمه‌ندێکی پارتی مه‌عاشێکی مانگانه‌ی بۆ من دیاری کرد. من زۆر رێزم هه‌یه... تا ماوم سپاسی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌که‌م. جگه له‌مه‌ش له رۆژنامه و گۆڤاره‌کاندا سه‌رقاڵی کار کردن بووم؛ له رۆژنامه‌ی" برایه‌تی" ئیستخدام کرام، له گۆڤاری" رامان" ئیستخدام کرام و له زۆربه‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌کانی تردا بابه‌تم له چاپ ده‌دا و په‌یوه‌ندی یه‌کی پته‌ویشم له گه‌ڵ شاعر و نووسه‌ره گه‌وره‌کانی باشوری کوردستاندا هه‌بوو. وه‌ک: خوالێخۆش بوو مه‌رحومی شوکر مسته‌فا، شه‌هید مه‌هدی خۆشناو، که‌ریم ده‌شتی، مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س، سهعددۆڵڵا په‌رۆش، مه‌حموود زامدار، هاشم سه‌راج و... ته‌نانه‌ت له چه‌ند سه‌فه‌رێکدا که بۆ به‌غدا هه‌مبوو له گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی به‌رێزی"مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریسدا" ئاشنا بووم. له گه‌ڵ مامۆستای گه‌وره، شیخ عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریسدا چاوپێکه‌وتن و وتوێژم هه‌بووه.. دوو سێ شه‌و میوانی کاک مه‌حه‌مه‌دی مه‌لاکه‌ریم بووم و...
به هه‌ر حاڵ، له هه‌ولێریش دوای ماوه‌یه‌ک بڕیارمان دا گۆڤارێک بڵاو بکه‌ینه‌وه، کاک" حسه‌ینی یه‌زدانپه‌نا" وه‌کوو خاوه‌ن ئیمتیازی ئیمکاناتی دابین کرد.. به ڕاستی من بۆ خۆم به ته‌نیا.. وه‌کوو خۆمان ده‌ڵێین به ته‌نیا باڵی، ده‌ستم پێ‌کرد و توانیم 5_ 6 ژماره بچمه پێشه‌وه و ئیتر دوای ئه‌وه.. ده‌ڵێم به داخه‌وه... به داخه‌وه... به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان گه‌ڕامه‌وه. هۆی گهڕانهوهکهشم به‌ره‌و رۆژ هه‌ڵات نه‌خۆشی بوو. من نه‌خۆشی دڵم بوو و نه‌مده‌توانی له‌وێ به ته‌نیایی بژیم و ژیان به‌رمه‌سه‌ر، ئه‌وه بوو که ئه‌و ژیانه ئاسووده‌م به جێ هێشت و گه‌ڕاومه‌وه بۆ ناو ئاگره‌که.
پرسيار: له باره‌ی شاعران و نووسهررانی باشووری کوردستانه‌وه قسه‌مان بۆ بکه... چۆنن، چین، له چ ئاستێکدان... یان به گشتی چۆنیان ده‌بینیت؟
وه‌ڵام: وه‌ڵلاهی به گشتی ئه‌ده‌بیات له باشووری کوردستان به‌رده‌وام له گه‌شه کردندایه
و زۆریش گه‌شه‌ی سه‌ندووه. به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی ئه‌م 12-13 ساڵه‌ی رابردوودا که کورد ده‌سته‌ڵاتی گرت به ده‌سه‌ته‌وه و ئه‌و هه‌موو گۆڤار و بڵاوکراوه و رۆژنامه که ده‌رده‌چن دیاره شیعر و چیرۆکیش له لایاندا له چاپ ده‌درێن، هه‌روه‌ها کتێب چاپ ده‌بێت "سانسۆر نییه" هه‌موو که‌سێک هه‌ر چی دڵی ده‌خوازێت ده‌توانێت له چاپی بدات. هه‌ر چه‌ند خاڵی نیگه‌تیڤی تێدایه، به‌ڵام لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی زۆرتره... به‌و بۆنه‌یه‌وه... دیاره ئه‌ده‌بیاتیش گه‌شه و به‌رز بوونه‌وه‌ی باشی هه‌بووه.
له بواری شیعردا له ئاستێکی باڵادان، هه‌رچه‌نده شه‌پۆلی پۆست مۆدێڕنیزم به‌وێش گه‌یشتووه و وه‌کوو خۆره خه‌ریکه له ناوه‌وه په‌یکه‌ره‌ی ئه‌ده‌بیاتیان وڵۆ ده‌کات. پڕۆسه گه‌لێک سه‌ریان هه‌ڵداوه و له‌م پێناوه‌دا که‌سانێک بانگه‌شه‌ی رۆشنبیری ده‌که‌ن و پێیان وایه سه‌رده‌می شیعری به‌رخۆدان ته‌واو بووه، پێیان وایه ئیدی پێشمه‌رگه و شۆڕش بایه‌خی نه‌ماوه و ده‌بێت به جۆرێکی‌تر بدوێن، به جۆرێکی‌تر قسه بکه‌ین و به جۆرێکیتریش بنووسین. به له‌به‌ر چاو گرتنی هه‌موو ئه‌مانه ئه‌ده‌بیاتی راسته‌قینه به ڕێگه‌ی خۆیدا ده‌چێت به‌رده‌وام له گه‌شه سه‌ندندایه.
پرسيار: مامۆستا پێمان خۆشه به ئاماژه به‌و بارودۆخه‌ی که کورد له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا تێپه‌ڕاندووه، ههڵسهنگاندنێکت هه‌بێ له نێوان چوارپارچه‌ی کوردستاندا و کاری فه‌رهه‌نگی و ...چۆن ده‌چێته پێشه‌وه و چ گرێ و کۆسپێک له‌م باره‌وه هه‌یه و له قۆناغێکی سه‌رتردا گه‌ر سه‌یری کورده‌کانی هه‌نده‌ران بکه‌ین و... کاره‌کانی ئه‌وان چۆن ده‌بینیت؟
وه‌ڵام: دیاره ئه‌و 12-13 ساڵه‌ی که ده‌سه‌ڵات له باشووری کوردستان به ده‌ستی کورده‌وه بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه که‌م و کۆڕی و کێشه زۆر بوو، هه‌ر چه‌ن گه‌مارۆی ئابووری زۆر بوو، به‌ڵام چون کورد به سه‌ر ناوچه و کۆمه‌ڵگای خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی بووه، له باری ئابووریشه‌وه په‌ره‌ی سه‌ندووه و دیاره په‌ره سه‌ندن له بواری ئابوورییه‌وه یارمه‌تی بواری فه‌رهه‌نگیش ئه‌دات. ئێستا باشووری كوردستان مهكۆێكه بۆ كورده‌كانی پارچهكانیتری كوردستان؛ تورکیا، سوریا و ئێران. من کاتێک له هه‌ولێر بووم له‌گه‌ڵ زۆر که‌س ئاشنا بووم له باکوور، رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه وه ده‌هاتن، ته‌نانه‌ت له کۆماره‌کانی شهورهوهی پێشوه‌وه ده‌هاتن و به حه‌سره‌ت و خۆشیه‌وه سه‌یری ئه‌و بارودۆخه‌یان ده‌کرد. هه‌رواکه گوتم باشووری کوردستان، مه‌کۆیه و بۆ وێنه یان ئه‌گه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بواری گه‌شه و نه‌شه‌ی بابه‌ته فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بییه‌کان نه‌بێت، ئه‌و مه‌کۆیه له باشووری کوردستان ئاماده‌یه کار له‌و پێناوه‌دا بکات. گۆڤار و رۆژنامه‌ی جۆراجۆر هه‌یه که درگای هه‌موویان ئاوه‌ڵایه بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی چوارپارچه‌ی کوردستان و به خۆشییه‌وه ئه‌و کاره‌ش ده‌کرێت. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تره‌وه شۆڕش، زه‌بر و زه‌نگی رژیمه‌کان له سه‌ر کورد، راودوونان، به زۆر کۆچ پیکردن، تاراوگه و راکردن ، به‌ره‌و بیانی چوون و په‌نا بردن بۆ وڵاته ئه‌ورووپاییه‌کان له بوونی خۆیدا شتێکی پۆزتیڤ بووه، واته زۆر یارمه‌رتی بردنه سه‌ری مه‌عریفه و ئاستی خوێندنه‌وه و ئاگادار بوونه‌وه و شارستانیه‌تی کوردی داوه.
ئه‌ده‌بیات و فه‌رهه‌نگی کورد دیاره (ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ته‌نیا تایبه‌ت به کوردستان نییه) هه‌ر که‌س له شوێنی ژیانی خۆی جیا ببێته‌وه و دوور بکه‌وێته‌وه هێندێ تایبه‌تمه‌ندی له ده‌ست ده‌دات. واته به‌و شێوه‌ی که له جێگه‌ی تایبه‌تی خۆیدا به‌رز ده‌بێته‌وه، ناتوانێت له شوێنێکی‌تر به‌و شێوه بڕواته پێشه‌وه.
جۆره ئه‌ده‌بیاتێک هه‌یه، ئه‌ده‌بیاتی"هیجره‌ت"ی پێ ده‌ڵێن کاتێ تۆ سه‌رنجی ده‌ده‌یت، ده‌بینی زۆربه‌یان دوورن، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی خه‌ریکه دوور ده‌که‌وێته‌وه، ده‌بێته جۆره فه‌رهه‌نگێکی"التقادی"، پڕه له ده‌رد و ئاواره بوون، به‌ڵام ئه‌و جۆره شتانه شێوه‌یه‌ک له جیاوازی فه‌رهه‌نگیشی تێادا به‌دی ده‌کرێت.
به هه‌ر حاڵ ئه‌م بار‌و دۆخه‌ی ئێستای باشووری کوردستان بۆته هۆی گه‌شه‌پێدان و به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رهه رنگی هه‌موو پارچه‌کانی تری کوردستان و بێ گومان باشتریش ده‌بێت.
پرسيار: وه‌ک دوایین پرسیار ئه‌رکی رووناک‌بیر له هه‌مبه‌ر ده سه لات چییه؟
وه‌ڵام: رووناک‌بیر له به‌رنبه‌ر هیچ حکومه‌تێکدا بێ ده‌نگ نامێنێ. هه‌ڵوێستی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، واته هه‌میشه و به به‌رده‌وام رووناک‌بیر له هه‌مبه‌ر هه‌ر حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێکدا رۆڵێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی هه‌یه.. بێ ده‌نگی رووناک‌بیر، واته ته‌سلیم و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان. حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش فه‌رقی هه‌یه، ره‌نگه حکومه‌تێکی دیکتاتۆر و زاڵم و سته‌مکار و دژی خه‌ڵک بێ، رووناک‌بیر له به‌رامبه‌ر به وه‌ها حکومه‌تێکدا رۆڵێکی دیاری کراوی هه‌یه، لێره‌دا ئه‌رکی رووناک‌بیر رابوون و راسان و بهربهرکانیه و له راستیدا خه‌بات وبهرخۆدانه... ئه‌رکی ئه‌سڵی رووناک‌بیر جه‌نگی قه‌ڵه‌مه... له واقیعدا رووناک‌بیر له مه‌ڕ وهاسیستهمێکدا له دوو مه‌ته‌رێزدا راده‌وه‌ستێ، سه‌نگه‌ری قه‌ڵه‌م و سه‌نگه‌ری "...." ئیتر ئه‌و رووناکبیرهکهیه که‌بڕیار ده‌دا و سه‌نگه‌ره‌که‌ی هه‌ڵده‌بژێرێ،...به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ راوه‌ستان و به‌رخۆدانی قه‌ڵه می له هه‌نگاوه سهرهتاییهکانییهو.....
پرسيار: ئه‌ی ئه‌گه‌ر حکومه‌ته‌که‌ی دیمۆکراتیک بێت چی؟
وه‌ڵام: به هه‌ر حاڵ هه‌روا که عه‌رزم کردی رووناک‌بیر له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا نه‌خش و رۆڵی ره‌خنه‌گری هه‌یه. هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کیش ته‌واوو بێ عه‌یب و نه‌قس نییه و دیاره هیچ حکوومه‌تێکیش حکومه‌تێکی به‌ته‌واوی خه‌ڵکی نییه و هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی له راست و له خزمه‌تی خهڵکدانییه، که‌واته، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک به ته‌واوی هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و حکومه‌ته‌یان په‌سند نیه، لێردایه که دیسان ئه‌رکی رووناکبیره که به زمان و به قه‌ڵه‌م ناڕاستییه‌کان راست ده‌کاته‌وه و سیاسه‌ته چه‌وته‌کان بخاته به‌رچاوی خه‌ڵکی.
مامۆستا زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان له‌م وتوێژه‌دا.
ئه‌منیش سپاستان ده‌كم، هیوادارم سه‌ركه‌وتووبن
**جادووجهنبهل: سیحر‌و سیحربازی


